Leviticus 23:34-43

34«لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و بڵێ:”لە ڕۆژی پازدەیەمی ئەم مانگی حەوتە، حەوت ڕۆژ جەژنی کەپرەشینەیە بۆ یەزدان. 35لە ڕۆژی یەکەمدا کۆبوونەوەی پیرۆزبوونە، هیچ کارێکی ئاسایی مەکەن، 36حەوت ڕۆژ قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان پێشکەش بکەن. لە ڕۆژی هەشتەمدا کۆبوونەوەی پیرۆزبوون ببەستن و قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان پێشکەش بکەن، ئاهەنگی کۆتایی پێهێنانە، هیچ کارێکی ئاسایی مەکەن.

37«”دەبێت لە جەژنەکانتان ئەمانە پێشکەشی یەزدان بکەن کە تێیدا بانگەوازی کۆبوونەوەی پیرۆزبوون دەکەن، بۆ پێشکەشکردنی قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان، قوربانی سووتاندن و پێشکەشکراوی دانەوێڵە و قوربانی سەربڕاو و شەرابی پێشکەشکراو، هەر ڕۆژەو هی خۆی. 38جیا لە شەممەکانی یەزدان و جیا لە دیارییەکانتان و هەموو نەزرەکانتان و هەموو بەخشینە ئازادەکانتان کە بە یەزدانی دەدەن.

39«”ڕۆژی پازدەی مانگی حەوت، پاش ئەوەی بەروبوومی زەوییەکەتان کۆکردەوە، حەوت ڕۆژ جەژن بۆ یەزدان بگێڕن، لە ڕۆژی یەکەمدا شەممەیە و لە ڕۆژی هەشتەمیشدا شەممەیە. 40لە ڕۆژی یەکەمدا بەروبوومی دارەکانی میوە و پەلکی دار خورما و لقەداری پڕ گەڵا و شۆڕەبی ناو چەمەکان بۆ خۆتان ببەن و حەوت ڕۆژ لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان خۆشی بگێڕن. 41حەوت ڕۆژ لە ساڵێکدا بۆ یەزدان بکەن بە جەژن، فەرزێکی هەتاهەتاییە بۆ نەوەکانتان، لە مانگی حەوت بیکەن بە جەژن. 42حەوت ڕۆژ لە کەپردا نیشتەجێ بن، هەموو هاوڵاتییەکانی ئیسرائیل دەبێت لە کەپردا نیشتەجێ بن، 43بۆ ئەوەی نەوەکانتان بزانن کە من نەوەی ئیسرائیلم لە کەپردا نیشتەجێ کرد، کاتێک لە خاکی میسرم دەرهێنان، من یەزدانی پەروەردگارتانم.“»

Copyright information for CkbKSS